سەرۆک کۆمار: قۆناغی داهاتوو درێژەپێدەری قۆناغی بونیادنان و بەدیهێنانی دەستکەوتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە عەدنان فەیحان پارێزگاری بابل کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا وتی:-لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار، مەرسومی کۆماری بەمەبەستی دامەزراندنی وەك پارێزگاری بابل بە عەدنان فەیحان دا و پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە پارێزگای بابل پێویستی بە گرنگیدانێکی تایبەت هەیە، بەشێوەیەک هاوشان بێت لەگەڵ پێگەی مێژوویی و شارستانێتیی دێرینی. هەروەها دوپاتیکردەوە، پێویستە بایەخ بە باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بدرێت، کە پێشکەش بە سەردانکاران و گەشتیارانی بیانی دەکرێت، کاتێک لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە سەردانی پارێزگاکە دەکەن.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی داهاتوو، تەواوکەری قۆناغی بونیادنان و بەدیهێنانی دەستکەوتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە وڵاتدا. هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاریکاری لەنێوان بەرپرس و هاووڵاتیدا، لەگەڵ جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانیان و نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەی روبەڕویان دەبێتەوە کاتێك بۆ مامەڵەکانیان سەردانی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت دەکەن. لەوبارەیەشەوە دوپاتیکردەوە، خزمەتکردنی هاووڵاتی و دابینکردنی پێداویستییەکانی، ئامانجێکی باڵایە و حکومەت لەپێناویدا کاردەکات.
لەبەرامبەردا پارێزگار پوختەیەکی لەبارەی پلانەکانی داهاتووی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئەمنی و ئابوری و کشتوکاڵی پارێزگاکە پێشکەشکرد، جگە لە روبەڕوبونەوەی کەمئاوی و وشکەساڵی و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. هەروەها پارێزگار ئەو کارنامەیەی خستەڕو، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و تەواوکردنی پڕۆژەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان بەمەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی گەشەپێدان و بونیادنان لە وڵاتدا، ئامادەکراوە.
