سەرۆك کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی روسیا دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە ئێلبروس کۆتراشێڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق.
نوسینگەی راگەیاندی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە :-لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6-3-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار ستایشی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عێراق و روسیای کرد و گرنگی کارکردن لەپێناو بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانەی لە بوارەکانی جێبایەخی هەردوولا دوپاتکردەوە، بەتایبەتی لە کەرتی ئابوری و پەرەپێدانی کارکردنی کۆمپانیا روسییەکان لەعێراقدا.
هەر لە دیدارەکەدا تیشکخرایەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان، لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی دەرفەتی ئاشتی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە، سەرەڕای دەستبەجێ کارکردن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر کەرتی غەزە و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ گەلی فەڵەستینی.
هەروەها سەرۆك کۆمار هەڵوێستی عێراقی سەبارەت بە جەنگی روسی-ئۆکرانی رونکردەوە، کە داوای راگرتنی جەنگ و گرتنەبەری دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەك کە خزمەت بە ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا بکات.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی روسیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری و دۆستایەتی و یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەربڕی.
