مان سیتی لە کۆپنهاگنی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
لە چامپیۆنز لیگ مان سیتی یاری گەڕانەوەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە کۆپنهاگن بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ـی چامپیۆنز لیگدا، یانەی مانچستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری لە کۆپنهاگن کرد.
گێمی یەکەم، مان سیتی بەئاستێکی بەرز دەرکەوت، بە جۆرێک توانی لە سەرەتاکانەوە و دوای تێپەڕینی نۆ خولەک دوو گۆڵ لە رێگەی ئاکانجی و ئەلڤارێزەوە تۆماربکات، هەرچەندە کۆپنهاگن لە خولەکی 29 ئەنجامەکەی کەمکردەوە بەڵام لە سێ خولەکی کۆتایی کاتی زیادکراویش هالاند ناوی خۆی لە نێو گۆڵکارانی یارییەکە نوسیەوە و گۆڵی سێیەمیشی بۆ سیتیزن تۆمارکرد و بەم ئەنجامە کۆتایی بە تایمی یەکەم هات.
لە گێمی دووەم، کۆپنهاگن ویستی ئەنجامەکە کەم بکاتەوە، بەڵام سیتی پارێزگاری لە ئەنجامەکە کرد و یارییەکە بە سێ گۆڵی بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی یانە ئینگلیزییەکە کۆتایی هات.
