حەمەی حەمە سەعید: پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی ئەرشیفەکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنین
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری چەند وەزارەتێکی دیکە کۆبوەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆژەی ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی کرد، حەمەی حەمە سەعید دەڵێت، "لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ناوەندێک بۆ پاراستنی ئەرشیفی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت."
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە لە دیوانی وەزارەت سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە دامەزراندنی "ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی هەرێمی كوردستان"ـی كرد.
لە كۆبونەوەكەدا، هەریەك لە نوێنەرانی (وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان) بەشدار بون.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، حەمەی حەمەسەعید، تیشكی خستە سەر گرنگی پڕۆژەی دامەزراندنی ئەو ناوەندە نیشتمانییە و كاركردنی زیاتر بۆ جێبەجێكردنی دەقی یاسای ژمارە (1)ی 2022ی پەرلەمانی كوردستان، "یاسای پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق"، كە ئەركی دامەزراندنی ناوەندەكەی بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سپاردوە.
حەمە سەعید وتی، پێویستە لەسەر بنەمای ستانداردی نێودەوڵەتی كار بۆ بنیاتنانی ئەو ناوەندە و ڕێكارەكانی كۆكردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامەكان بكرێت و لە سەرەتاوە دەبێت بینای ناوەندەكە تایبەتمەند بێت بەو بوارە و هەمو ڕێكارێكی پیویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەرشیڤ و بەڵگەنامەكان.
بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجەمی یاسای پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتمانی، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان سەرۆكایەتی ئەنجومەنێك دەكات بۆ ڕێكخستن و پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكان تێیدا ئەندام دەبن.
بە پێكهێنانی "ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی هەرێمی كوردستان – عێراق"، هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ناوەندێكی نیشتمانی بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنوس و پاراستنی ئەرشیڤی كوردستان.
