ئاوات شێخ جەناب: هەرگیز دەستبەرداری پرۆژەی "هەژماری من" نابین
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کورستان رایگەیاند، دابەشکردنی بەشێکی موچەخۆران و دابەشنەکردنی موچەی بەشێکی دیکە بۆمبێکی کاتییە و کارەسات دروست دەکات.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنوس رایگەیاند، کێشەی ئەوان دابەشکردنی موچە یان دابەشکردنی نییە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە لە ساڵی 2012 سیاسەتێک دروستبوە کە هەرێمی کوردستانی بە دۆخی خراپی ئەمڕۆ گەیاندوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریداوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
ئەوەشی خستەڕو، ئەقڵیەتێک لە بەغدا هەیە نایەوێت هەرێمی کوردستان گەشە بکات، بۆیە لە یاسای خەرجی فعلی بەو رێژەیە خەرجییان بۆ هەرێم دانا کە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بێت، هەمو خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانیان خستوەتە چوارچێوەی خەرجی فعلییەوە.
وەزیری دارایی هەرێم باسی لەوەشکرد، لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتون بەو رێککەوتنەی لە رێگەی کۆدەوە پارەی موچەی کەرتە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەمەش جیاکاری نییە بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو موچەی حەشدی شەعبیش بەو شێوەیە دابەش دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد، وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەیە هەرکاتێک بێت موچە دابەش بکات بەو مەرجەی وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی بنێردرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سیاسەت کۆنتڕۆڵی موچە دەکات، هەمو ناردنی موچەیەک پێویستی بە رێگەپێدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبوە، لە ئێستاشدا هەوڵی سیاسی خەریکن کێشەکە چارەسەر دەکەن.
رونیشیکردەوە، بە شکانی یەکێتی، پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی موچە و کێشەکانی دیکە چارەسەر ناکرێت، ئەو تێڕوانینە هەڵەیە و بە شکانی حکومەت، هەمو هەرێمی کوردستان دەشكێت.
ئاوات شیخ جەناب ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هیچ کەسێک دژی دابەشکردنی موچە نەبو، ماڵپەڕی شەفافیەت 100٪ی یەکە هەژمارییەکانی تێدا نییە، داهاتی ناوخۆی هەرێم پێنج سەرچاوەی سەرەکی هەیە و 15٪ی داهاتەکە کاشە، بەشێکی دیکەی داهاتەکە بۆ نەسریە بەکاردەهێنرێت، بەشەکەکانی دیکەشی بۆ خەرجی وەبەرهێنان و دەرمان و کەرتەکانی دیکەی بەکاردەهێنرێت.
ئەوەشی خستەڕو، لە ماوەی حەوت مانگدا بڕی 11 ملیۆن و 800 هەزار ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی عێراق کرا، هیچ بڕە پارەیەکی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرا، لەبەر ئەوە ناردنی نەوتیان راگرتوە.
باسی لەوەشکرد، نە گۆڕان و نە وەزیرەکەی هۆکاری کێشەی موچە نین، کاتێک گۆڕان هاتوەتە حکومەت، حکومەتی سویسرا نەبوە و گۆڕان تێکی دابێت، هەر حکومەتی هەرێم بوە، بەهۆی کێشە قوڵەکانی نیوان هەرێم و بەغدا و یەکێتی و پارتی، رێگری لە ئازادی جوڵەی تیمی گۆڕان لە حکومەت کردوە.
