سودانی:رێکخراوی بەدر بەشداریکرد لە دامەزراندنی پرۆسەی سیاسی و پتەوکردنی دەستوور
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئامادەی ڕێوڕەسمێک بوو کە بەبۆنەی 43هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدر بەڕێوەچوو.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە سودانی لە وتارەکەیدا سڵاوی لە ئامادەبووان کرد و پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدری کرد، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پێکهاتە نیشتمانییە قوربانییەکی بەردەوامی داوە و یەکێک بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی دیکە و لە ڕووبەڕووبوونەوە و جیهاددا بووە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوی بەدر کرد دوای ڕووخانی دیکتاتۆر و بنیاتنانی عێراقی نوێ و بەشداریکردن لە دامەزراندنی پرۆسەی سیاسی و پتەوکردنی دەستوور، هەروەها بەشداری کردنی بەدرییەکان لە چوارچێوەی ڕیزەکانی گەلی عێراقدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرەی بنیاتنانی دەوڵەت و پتەوکردنیدا.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە کەلەلایەن نوسینگەی راگەیاندنەکەیەوە بڵاکراوەتەوە:
? لە جەنگی دژ بە تیرۆر، ڕێکخراوی بەدر باشترین پیاو و سەرکردەکانی خۆی وەک شەهید پێشکەش کرد بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانە بەهێز بکات کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراتی فرەڕەهەنددا بەدەست هاتووە و ئازادی و مافەکان مسۆگەر دەکات.
? لەو کاتەوەی بەرپرسیارێتیمان وەرگرت بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەوڵەکانمان خستەگڕ بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانە، ئەمەش دوای قەیرانی سیاسی.
? سوور بوین لەوەی کە حکومەتەکەمان نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان بکات بەبێ جیاکاری و لایەنگری و کار بکات بۆ خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکان.
? حکومەتەکەمان ناو ناوە حکومەتی خزمەتگوزاری نیشتمانی، چونکە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان زۆر ئارامگر بوون و چاوەڕێی باشترکردنی خزمەتگوزاری و ئاستی بژێوی ژیان دەکەن.
? کۆمەڵێک ئەولەویەتمان لە بەرنامەی حکومەتەکەمان داناوە، کە هەمان پێداویستییە بنەڕەتییەکانی سەرجەم عێراقییەکانن.
? بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی چاکسازییەکی گشتگیر لە هەموو کەرتەکاندا، هەروەها بەرەنگاری ئەو گەندەڵی دارایی و ئیدارییە دەبینەوە کە پڕۆژەکانی پەکخستووە و سامانی بەفیڕۆ داوە.
? زۆرێک لەو ئامانجانەی کە پەیوەستن بە پابەندبوونمان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتگیر و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە وەستاون یان دواکەوتوون، بەدیهێناوە.
? هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان لە کەشێکی سەقامگیر و بارودۆخێکی سەلامەتدا ئەنجامدا.
? هیوادارین هەموو ئەو هێزانەی کە حکومەتە خۆجێییەکانیان پێکهێناوە بە ڕۆحی یەک تیم کاربکەن و ناکۆکی سیاسی بەردەوام ڕەت بکەنەوە.
? ئەنجومەنی پارێزگاکان بازنەیەکی گرنگە لە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن بەرەو لامەرکەزی ئیداری لەسەر بنەمای دەستوور.
? حکومەتەکەمان کاری کردووە بۆ نەهێشتنی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی.
? گواستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شێوازێکی نوێ و کۆتایی هێنان بە بوونی یەکێکە لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە کارمان لەسەر کردووە و ئێمە لە بەرنامەی حکومەتدا جێگیرمان کردووە.
? ئەو ئاستەنگانەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە پێویستی بە ئەوە هەیە هەموو هێزە سیاسییەکان پێکەوە کار بکەن و هاوکاری یەکتر بن بۆ ئەوەی بەرەو کەنارەکانی ئاسایش و گەشەپێدان بپەڕنەوە.
? حکومەتەکەمان دەستی کردووە بە پڕۆژەی گەورەی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی وا لە عێراق دەکات ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی بێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا جیهانییە گەورەکانەوە.
? پاراستنی سەقامگیری لە عێراق بەرپرسیارییەتی هەموو هێزە سیاسییەکانە.
? ماوەی چەند مانگێکە فەڵەستینییەکان لە غەزە ڕووبەڕووی گەورەترین کوشتن و وێرانکاری دەبنەوە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە، ئەمەش لە بەرانبەر بێدەنگییەکی شەرمەزارکەرانەی نێودەوڵەتی و دەستبەرداری بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکان لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە.
