بافڵ جەلال تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریکا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان کرد
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە :-لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکران و لەوبارەیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.
وتیشی: کاری لەپێشینەی ئێمە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکەکەمان و هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەین. وەکچۆن هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە کاربکەن و لەخزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بن.
لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک یەکێتی وتی، رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت.
