حەوت کوردی دانیشتووی شاری شنۆ سزای زیندانیان جێبەجێکرد بەڵام ئازاد نەکراون
حەوت کوردی دانیشتووی شاری شنۆ، لەوانە نەوجەوانێکی تەمەن 17 ساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، سزاکەیان جێبەجێکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای ئینقلابی شاری شنۆ لە مانگی سێی ئەمساڵدا ئەو کەسانەی بە "هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" تۆمەتبار کردووە و سزای زیندانیکردنی بەسەریاندا سەپاندووە.
هیوا شەریفی تەمەن 17 ساڵ سزای 3 مانگ زیندانیکردن، شوانە و شەفیع بابەکری هەر یەک سزای 6 مانگ زیندانیکردن و ساڵح سەخاوەت، شاهین ئیبراهیمی، شەهرام ئیبراهیمی و سۆران بەنگینی هەر یەک سزای سێ مانگیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕێکخراوەی هەنگاو ناوی ئەو حەوت کەسەی ڕاگەیاندووە کە بریتین لە هیوا شەریفی تەمەن 17 ساڵ، شاهین ئیبراهیمی، ساڵح سەخاوەت، سۆران بەنگینی، شەهرام ئیبراهیمی و دوو برا بە ناوەکانی شوانە و شەفیع بابەکەری.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو باوکی شوان و شەفیع بە ناوی ڕەشید بابەکەری لە ساڵی 1993 بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حزبی دێموکراتی ئێران" لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دراوە.
دوابەدوای داواکاری دەیان ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ئەرکی جاوید ڕەحمان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئێران و هەروەها ئەرکی لێژنەی نێودەوڵەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێرانی بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژکردەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەم هەفتەیەدا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 2023دا لانیکەم 82 کوردیان لە پارێزگا کوردنشینەکان لەسێدارەداوە کە لەو 82 کەسە، 47 کەس بە تاوانی کوشتن، 26 کەس بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان، 7 کەس بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی" ، 30 کەس بە تاوانی "هەڵگرتنی چەک دژی حکومەت" و کەسێکیش بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنی سێکسی بووە.
