عێراق وتورکیا لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی وزاری بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان رێککەوتون
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لە سەردانی ئەردۆگان بۆ عێراق بەشێکی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان، بۆ ئەو مەبەستەش لە دواین گفتوگۆیان لەگەڵ شاندی عێراقی رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی وزاری هاوبەش.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغلو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغداد کە بڕیارە لە کۆتای ی مانگی (نیسان/4) ئەنجام بدرێت دۆسیەی پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات لە پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" لەخۆدەگرێت.
وەزیرەکەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ساڵی رابردو هەنگاوی گرنگ لەبارەی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" گیراوەتە بەر و چەندین دانوستانی وزاری لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە کراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەنقەرە لەسەر ئەو پرسە چەند گفتوگۆیەکی بە سەرپەرشتی وەزارەی گواستنەوە و ژێرخان کردوە کە تێیدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بازرگانی تورکیا، هەروەها شاندی عێراقی بەشداربون.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغلو دەڵێت، لە ئەنجامی گفتوگۆکانیان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی وزاری لەسەر پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە نێوان هەردو حکومەتی عێراق و تورکیا.
