سەرۆکی ئیسپانیا: ئاماژەیەکی ڕوون هەیە لە کیشوەری ئەوروپا بۆ دان بە دەوڵەتی فەڵەستین
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئاماژەیەکی ڕوون هەیە لە کیشوەری ئەوروپا بۆ دان بە دەوڵەتی فەڵەستین.
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی هەینی (12ـی نیسانی 2024) لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نەرویج، جۆناس گار ستۆرە وتی: "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێین لە نزیکترین کاتدا و بە پێدانی ئەندامێتی تەواوی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا".
پێدرز سانچێز جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە بگەینە ئاگربەستێکی بەپەلە لە کەرتی غەززە و ڕێگەدان بە دامەزراوە مرۆییەکان بۆ کارکردن بەبێ هیچ هەڕەشەیەک" و جەختیکردەوە لەوەی "ناکرێت ڕێگە بە هیچ توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە بدرێت".
لەبەرامبەریشدا، سەرۆک وەزیرانی نەرویج جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا بنێت و پشتیوانی لە ئەندامێتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
شایەنی باسە، مانگی ڕابردوو هەریەکە لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئێرلەندا، ماڵتا و سلۆڤینیا ڕایانگەیاند کە پێکەوە کار دەکەن بۆ دان پێدان بە دەوڵەتی فەڵەستینی.
