سەرۆك کۆمار گەیشتە شانشینی ئوردنی هاشمی
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ دووشەممە 15-4-2024 بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردنی هاشمی و لەلایەن خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردنەوە پێشوازی لێکرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:-بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆك کۆمار، مەراسیمێکی پڕشکۆ رێکخرا، کە ژەنینی مارشی نیشتمانیی کۆماری عێراق و شانشینی ئوردنی هاشمی و پشکنینی پاسەوانی شەرەفی لەخۆگرتبوو.
هەروەها لە مەراسیمی پێشوازییەکەدا، د.بەشر خەساونە سەرۆك وەزیرانی ئوردن، د.جەعفەر حەسان بەڕێوەبەری نوسینگەی خاوەنشکۆ پادشای ئوردن، یوسف شمالی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئوردن بەشداربون.
بڕیارە خولێکی گفتوگۆی دوو قۆڵی و هەروەها فراوان لەنێوان هەردوولا لە کۆشکی بسمان بەڕێوەبچێت.
جێی ئاماژەیە لە سەردانەکەدا وەفدێکی حکومی یاوەری بەڕێز سەرۆك کۆمار دەکات، کە پێکهاتوە لە بەڕێزان د.خالد بەتال وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و د.تاڵیب خەلیل راهی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لێپرسراو و راوێژکار.
