خولی ئیسپانیا.. ریال مەدرید بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بارسێلۆنای بردەوە
لە خولی ئیسپانیا ڕیاڵ مەدرید بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ شکستی بە بارسیلۆنا هێنا.
لە یارییەکانی هەفتەی 32ی خولی ئیسپانیا، ریاڵ مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری بارسیلۆنای کرد.
لە گێمی یەکەم و لە خولەکی شەش بارسیلۆنا لە ڕێی کریستینسنەوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەخایاند و لە خولەکی 18 ڤینیسیۆس جونیۆر بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، لە درێژەی تایمەکە ئاستی هەردوولا لەیەکەوە نزیک بوو، تا رادەیەکیش مەدریدیەکان ترسناکتر بوون، بەڵام هیچ گۆڵێکی تر نەبینرا.
لە گێمی دووەم یارییەکە تا رادەیەک جیاوازی بە خۆیەوە بینی و بارسیلۆنا زیاتر دەچوونە پێشەوە و کۆنترۆڵی یارییەکەیان بەدەستبوو، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی لە خولەکی 69 فێرمین لۆپێز گۆڵی دووەمی بارسیلۆنا تۆماربکات بەڵام خۆشی کەتەلۆنییەکان زۆری نەخایاند و لە خولەکی 73 لۆکاس ڤاسکێز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، ڕیاڵیەکان بەو ئەنجامە ڕازی نەبوون و پاش چەند هەوڵێک لە خولەکی یەکی کاتی زیادکراو بێلینگهام گۆڵی سێیەم و بردنەوەی ڕیاڵ مەدریدی تۆمارکرد.
بەم ئەنجامەش ڕیاڵ خاڵەکانی بوون بە 81 خاڵە لە یەکەمی ڕیزبەندی، بارسیلۆناش 70 خاڵی هەیە لە پلەی دووەم.
