ئاژانسی(موتەڵع) ناوەرۆکی کۆبونەوەکەی مەسعود بارزانی و ئەردۆگان بڵاودەکاتەوە
مەسعود بارزانی و سەرۆککۆماری تورکیا لە هەولێر کۆبوونەوە و جەختیان لە بەرەوپێشچوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کردەوە.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و لەگەڵیدا کۆبوویەوە.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە: لە کۆبوونەوەکەدا سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا بە گرنگ و مێژوویی و فاکتەری گەشەپێدان و ئارامی وەسفکرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیدا جەخت لە بەرەوپێشچوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کرایەوە، ئەویش لەپێناو پتەوتربوونی سەقامگیریی هەرێمایەتی و هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکان و قووڵترکردنی بنەماکانی دراوسێتی و برەودانی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
