سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەکات لە پارێزگای ئەنبار
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد لە بینای پارێزگای ئەنبار، کە سەرۆکی فەرمانگە خزمەتگوزاری و جێبەجێکارەکانی پارێزگاکەی لەخۆگرتبوو بە ئامادەبوونی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەنبار و ژمارەیەک لە بریکارانی وەزارەتەکان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:-لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، پلانەکانی پارێزگاکە و بەرنامە خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی کەرتەکانی دیکە خرانەڕوو لەگەڵ دیارترین ئەو کێشە و بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەبنەوە، هەروەها فەرمانی کرد بەدواداچوون و چارەسەریان بۆ بکرێت بەئامانجی خێراکردن لە تەواوکردنیان بەپێی سنووری کاتی پەسەندکراو.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەو پڕۆژانە خرانەڕوو کە لەلایەن سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، بە پێی ئەو ئەولەویەتانەی کە حکومەت دایناوە، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر دۆسیەی شەهیدان و قوربانیانی تیرۆر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان و بەڕێزیان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پارە بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە بەڕاستی شایەنن.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، سودانی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ پارێزگاکە ڕاگەیاند بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم/ پڕۆژەکانی ئاوەڕۆ و تۆڕەکانی ئاوی باران لە قەزای عەنە بە تێچووی 101 ملیار دینار و لە قەزای کوبەیسە بە تێچووی 108 ملیار دینار.
دووەم/ ڕاسپاردنی وەزارەتی تەندروستی بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی ئەم دوو پڕۆژەیەی خوارەوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت و ڕێککەوتنی عێراق-چین:
1- پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی بۆ ژنان و منداڵان لە قەزای فەلوجە.
2- پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە ناحییەی خالدییە.
سێیەم: چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە پەیوەستن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی شاری ڕەحالییەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سودانی ئاماژەی بە قوربانییەکانی خەڵکی ئەنبار کرد لەگەڵ پشتیوانی کردنی دەزگا ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستپێکردنیان بەرەوە بەرژەوەندییەکانی خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و جەختی لە پشتیوانیکردنی خۆی بۆ حکومەتی خۆجێی کردەوە بەمەبستی سەرخستنی کارەکانی، هەروها تیمێکی وەزاری و ڕاوێژکاری لە هەموو سەردانێکدا بۆ پارێزگاکان لەگەڵیدا ئامادە دەبن، بۆ دەستنیشانکردنی دۆسیە گرنگەکان لە پارێزگاکان و چارەسەرکردنی بەربەستەکان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە لە ئەنبارەوە دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی دەنەوێڵەی گەنمی بۆ هەموو عێراق ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە گەیاندنی شایستەکانی ساڵی ڕابردوو بەبێ دواکەوتن متمانەی جوتیارانی بەهێزتر کردووە بۆ کارکردن بۆ وەرزەکانی دواتر.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پلانی حکومەت بریتییە لە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ لە قەزاکانی ئەنبار بەهۆی کۆنی نەخۆشخانەکانییەوە و فەرمانی کرد یاریگای ئۆڵۆمپی و دامەزراوە هاوپێچکراوەکان لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە ناوەندی پارێزگاکە بەهۆی تەواونەبوونی پرۆژەکانی ئاوەڕۆوە دەناڵێنن و جەختی لەوە کردەوە کە کارکردن لە پڕۆژەکان بەبێ تەواوکردنی ژێرخان بەفیڕۆدانی پارەیە.
