ناوی سێزدە هه‌زار خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت ئاڕاستەی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق کرا
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا ناوی 13 هه‌زار خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت ئاڕاستەی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بكات بۆ دابینكردنی پشتگیری دارایی.
وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی کاربەڕێکەری هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرای کرد، دوای وەستانی زیاتر لە 10 ساڵ لە پرۆسەی ناونوسکردنی نوێی کەم ئەندامانی کوردستان، دوابەدوای هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئارستەکردنی نوسراوی وەزارەتمان و لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی وەرگیرا بۆ ئاڕاستەکردنی ناوی ئەو کەم ئەندامە نوێیانەی کە لە قۆناغی یەکەم زیاتر لە 13 هەزار کەس پشکنینیان بۆ کراوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئامانج لەو كارە وەک وەزارەتەكە وتویەتی، دابینکردنی مینحەی کەم ئەندامی و تەرخانی داراییە بۆ جێبەجێکردنی داوای وەزارەتەكەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
