بەیاننامەیەک لەحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆری قەزای چەمچەماڵ، چوار کرێکاری یەمەنی گیانیان لەدەستداوە، ئەم هێرشە دوبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی ڕابردو هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابوری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو کاتەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکران، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبون.
ئەوەشی خستوەتەڕو، زیانێکی زۆر بەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتوە و کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشکردوە، ئەم هێرشە دوبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەن لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دوبارەبونەوەی ئەم کارانە.
