سەرۆك کۆمار خواستی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی پێشکەوتو و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2024 کارنامەی لە بەڕێزان خالید ئەحمەد مەنسوڕ باڵیۆزی نوێی شانشینی بەحرێن، جۆرج سەعید زامیت باڵیۆزی نوێی کۆماری ماڵتا، فێرناندۆ دی ئوری باڵیۆزی نوێی کۆماری پورتوگال و خۆسێ مارتینێز باڵیۆزی نوێی کۆماری ئەنگۆلا وەرگرت.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکاندا، کە بە جیا لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچون، سەرۆك کۆمار خواستی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی پێشکەوتو و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و هاریکاری جدی لە زۆر بواردا لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
سەرۆك کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی و راوێژی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان لەبارەی پرسە جیاوازەکان و بابەتەکانی جێ بایەخی هاوبەش.
لای خۆیانەوە باڵیۆزان خواستی وڵاتەکانیان دوپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییان لەگەڵ عێراق و پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا، هاوکات پەرۆشی تەواویان نیشاندا بۆ کارکردنی زیاتر لەپێناو بەهێزکردنی هاریکاری، بەشێوەیەك کە لە خزمەتی بەرژەوەندی هاوبەشدا بێت.
