عێراق زیاتر لە حەوسەد خێزانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان گەڕاندەوە
روانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق 700 کەسی دیکەی لە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعش لە کامپی هۆلەوە بۆ وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە.
عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، نزیکەی 700 هاوڵاتی عێراقییان لە کامپی هۆڵ لە سوریا گێڕاندووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و کەسوکاری چەکدارانی ڕێکخراوی داعش و گرووپە توندڕەوەکانن.
لە نوێترین هەوڵی حکومەتی عێراق بۆ گێرانەوە ئەو خێزان و پەنابەرانەی کە لە دوای روخانی داعشەوە لە کامپی هۆل جێگیر کراون، رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە 714 هاوڵاتی عێراقی کامپەکەیان بەرەو عێراق جێهێشتووە و گەڕێنراونەتەوە.
رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، کاتێک ئەو خێزانە عێراقییانە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە کامپی جدعە لە نزیک شاری موسڵ دەهێڵرێنەوە، بۆ راهێنانی دەروونی و دووبارە هەوڵی تێکەڵکردنەوەیان بە خەڵک و کەسوکاریان، لە مانگی ئازاری رابردووشدا نزیکەی 160 خێزانی دیکەی عێراقی کامپەکەیان بەرەو عێراق جیهێشت.
