چوار فراکسیۆنی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە
چوار فراکسیۆنی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دژی هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەوەستنەوەو دەڵێن: "هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەرەنگاربوونەوەیەکی روونە لەدژی یاسا و دەستوور و دیموکراسی". وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت: "هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە".
فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان و نەوەی نوێ لە دژی هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە رۆژی 10ی 6ی 2024 ئەنجام بدرێت دەوەستنەوە و لە راگەیەندراوێکدا هەر چوار فراکسیۆنەکە ئاماژە بەوەدەکەن: "هەڵبژاردن مافێکی یاسایی و دەستووری و دیموکراسی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و ناکرێت بە ویستی تاکە حزبێک دوابخرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە: "هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نییە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن، لەکاتێکدا وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە مەرسومی بۆدەرکراوە و دادگای فیدراڵیش پشتیوانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا دەکات".
چوار فراکسیۆنەکە داوا لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی (ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی وەزیران، دادگای فیدراڵی، کۆمسیۆن) دەکەن دژی هەر هەوڵێک کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەدرێت بوەستنەوە و زامنی هەڵبژاردن بکەن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، لەبەر ئەوەی هیچ هۆکارێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
