دکتۆر بەشیر حەداد: بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت
جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت و دەشبێ داواکانی پارتی جێبەجێ بکرێن.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەرێم نیوز ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان لە مێژە فشارێکی زۆر گەورەی لەسەرە، فشارەکانیش هەندێک جار فشاری سەربازی و ئابووری بوون، هەندێ جاری تریش بەناوی دەستوور و یاسا ئەم فشارانە کراوە.
وتیشى: بەم دوواییانە کاتێک بینییان کە فشاری سەربازی و ئابووری ئەو کاریگەرییەی نەبووە، هەوڵیاندا ئەمجارە لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن و دڵەڕاوکێ لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بکەن کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیاری یەکلاکەرەوەن.
دەشڵێت: زۆر جار بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو کێشەی بۆ کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی عێراق دروست کردووە.
