جومانە غەلای:دەستمانکردووە بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند رێکارەکانی کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان رانەگرتووە و، دەست بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان کرا.
جومانە غەلای،وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە رێکارەکانی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکات و نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارەکانییان بۆ دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە 173 بنکەی تۆمارکردن، بۆیە هەواڵی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن دوورە لە راستییەوە."
وتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکە "کۆمیسیۆن دەستیکردووە بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان کە ناوی پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانیێتییەکان و ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، لەخۆدەگرێت."
