بانکی بازرگانی عێراق بەشداری له پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەکات
بانکی بازرگانی عێراق (TBI) بەشداری له پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەگوێرەی بەیاننامەی بانکی عێراق TBI، کە بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) بڵاوکرایەوە هاتووە، بەپێی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران بەڕێز مەحەممەد شەیاع سودانی سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکی TBI لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی تایبەت لە بانکی بازرگانی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێر لەگەڵ شاندێکی تایبەتی حکومەتی هەرێم لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکەکەدا و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێداویستییەکانی پرۆسەی کردنەوەی هەژمار و دەرکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانیان کرد لە سەرانسەری هەرێم بۆ داپۆشینی پرۆسەی دەرهێنانی پارە بۆ فەرمانبەران.
شاندەکەی بانکەکە بۆ شاندی حکومەتی هەرێم ڕوونکردەوە کە پرۆسەی خۆماڵیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ سەرۆک وەزیران مەحەممەد شەیاع سودانی و ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکات کە لەبەر بەرژەوەندیی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات، ئەمەش بەپێی ڕاگەیاندراوی بانکەکە.
لە کۆتاییدا، شاندی بانکی بازرگانی عێراق ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری خۆماڵیکردنی مووچە و دەرکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لە هەرێمی کوردستان.
