دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند، ماوەی دو رۆژە عەرەبی هاوردە هاتونەتە گوندی پەلکانەوە و خێمەیان هەڵداوە، سوپای عێراقیش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات، پێویستە حکومەتی عێراقی بەرامبەر ئەم ناهەقییە بێدەنگ نەبێت و شایستەی دارایی بۆ عەرەبە هاوردەکان خەرجبکات و بیانگەرێنێتەوە ناوچەکانی خۆیان.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوی دو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەوا و دور لە هەمو بنەمایەکی ئاشتیانەو پێکەوە ژیان هاتونەتە گوندی پەڵکانەو خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندو بونی شەش مانگی ڕابردویان بچنەوە.
لە راگەیەنراوی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژە بەوەشکراوە، لە پایزی ساڵی ڕابردوش لەسەر ڕەزامەندی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد، وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بون تا دەستور و یاسا دوابڕیار بێت و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بەژیانی ئاسای خۆیان بدەن.
ئەوەشخراوەتەڕو، تا ئێستا گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون بۆیە داواکارن لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد دەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان باسی لەوەشکردوە، داواکارن شایستەی دارای پێویست بدرێتە عەرەبەهاوردەکان و بیان گەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هەمو لایەک دڵنیا دەکەنەوە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانە و تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان.
