مەسعود بارزانی سەرەخۆشی لە قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆی نێوان کفری و کەلار کرد
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرەخۆشی لە قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆی نێوان کفری و کەلار کرد و ڕایگەیاند، بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی دڵتەزێنی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک قوتابی ئامادەیی و برینداربوونی ژمارەیەکی ترم لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی کەلار ـ کفری بیست.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە خەمناکە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لەخودای گەورە داواکارم شیفای خێرا بە بریندارەکان ببەخشێت و گیانی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
كۆمەڵێک قوتابی ئامادەیی باكووری كچان لە كەلار بەرەو كفری رۆشتوون بۆ گەشتێكی زانستی، لەكاتی گەڕانەوەیاندا ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە ئۆتۆمبێلێک دەست دەشكێنێتەوە بەسەریاندا و بەو هۆیەوە مینی پاسەكە وەردەگەڕێت و تا ئێستا چوار قوتابی گیانیان لەدەستداوە و حەوت قوتابی تر بریندارن.
