ئەمریکا سەرەخۆشى لە ئێران کرد
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشێوەیەکى فەرمى سەرەخۆشی لە کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد و ئاشکرایکرد، بۆ دۆزینەوەى فڕۆکەکە تاران داواى هاوکارى لێکردوون.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا وتى، "ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمی سەرەخۆشی خۆی پێشکەشدەکات، بەبۆنەی کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند لێپرسراوێکی دیکەی ئێران، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێک لە باکووری خۆرئاوای ئێران.
ماتیۆ میلەر ئاشکرایکرد، تاران داوای هاوکاریی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکارییەکەى باس بکات و وتى "بەهۆی کێشەی لۆجستییەوە نەمانتوانیوە هاوکاریی ئێران بکەین".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا ئێران سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ئێران و تێکۆشانی لە پێناو مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دووپاتدەکاتەوە.
هاوکات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بۆچوونى وانییە گیانلەدەستدانی رەئیسی، کاریگەری فراوانی لەسەر ئاسایشی هەرێمایەتی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەن، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکیان نییە لەسەر هۆکاری رووداوەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک تێوەنەگلاوە لە رووداوەکە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیشیکردەوە، دوای رووداوەکە هێزەکانی ئەمریکا هیچ گۆڕانکارییەک لە رێوشوێنی خۆیاندا ناکەن.
