سەرۆك کۆمار جەخت لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا دەکاتەوە
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە ستیڤن چارلس هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لەدیدارەکەدا، کە لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییە ئابوری و وەبەرهێنان و تەکنەلۆژییەکان و روبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کردەوە.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەسەقامگیریی ئەمنی و سیاسیی وڵات و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی کرد لە بوارەکانی ئابوری و خزمەتگوزاری و بژێوی، جەختیشی لە پەرۆشیی عێراق کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەماکانی دراوسێیەتی باش و بەشێوەیەك، کە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی نیشتمانی بپارێزێت.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لە خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری و دۆستایەتی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیکردنی لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەدا.
