هانسی فلیک وەک راهێنەری نوێی بەرشەلۆنە ڕاگەیەندرا
فلیک دڵخۆشی خۆی بە پەیوەندیکردن بە بەرشەلۆنەوە دەربڕی و سوپاسی هەمووانیشی کرد.
هانسی فلیک وەک راهێنەری نوێی بەرشەلۆنە ڕاگەیەندرا تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 بە گرێبەستێکی دوو ساڵە و شوێنی چاڤی هێرناندێزی گرتەوە.
پاش دیاریکردنی وەک راهێنەری یانەکە فلیک رایگەیاند، سوپاسی هەمووان دەکات و زۆر دڵخۆشە بەوەی گرێبەستی لەگەڵ بەرشەلۆنە واژۆکردووە و فەلسەفەی یانەکەشی بە هاوشیوەی فەلسەفەی خۆی ناوبرد.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەو حەز بە کۆنترۆڵی تۆپ و هێرشبردنی چڕدەکات و لەگەڵ بارشاش بەهەمان شێوە یاریدەکات، ئەکادیمیای بەرشەلۆنەشی بە یەکێک لە باشترین ئەکادیمیاکانی جیهان ناوبرد و باسی لەوەشکرد یانەکە تێکەڵەیەکە لە یاریزانی بە ئەزموون و یاریزانی لاو.
وتیشی: لەگەڵ بایرن میونشن هەندێک نازناوم بردەوە و برسێتییەکی زۆرم بۆ نازناوەکان هەیە و حەز دەکەم لەگەڵ بەرشەلۆنە بەردەوام بم لەسەر ئەم ڕێگایە، باوەڕم وایە دەتوانین پێکەوە زۆر شت بەدەست بهێنین و ئەوەش گرنگە.
راهێنەرە نوێیەکەی بەرشەلۆنە جەختیشی لەسەر ئەوەکردەوە، بەو چەند ساتە کەمەی لە بەرشەلۆنە بەسەریبردووە زۆر خۆشحاڵە و پێویستیشی بە پشتگیری هەیە لە نێو یانەکەدا.
