محەمەد شیاع سودانی:حکومەت سەرکەوتوو بوو بەئیدارەدانی کاری خزمەتگوزاری لەسایەی سەقامگیری ئەمنی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شەیاع سودانى، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی بارەگای دەزگای دژە تیرۆری کرد و پێداچوونەوەی بە ئاستی ئامادە باشی سەرکردە و فەرماندەکانی دەزگاکە و یەکەکانی کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە
لەگەڵ گەیشتنی بۆ بارەگای سەرەکی دەزگاکە، بەڕێزیان لەگەڵ ئەفسەر و سەرکردە فەرماندەکان کۆبووەوە و گوێی لە کورتەیەکی ئەمنی و سەربازی گرت کە لە لایەن بەڕێز سەرۆکی دەزگاکەوە پێشکەشکرا و گرنگترین هەنگاوەکانی پەرەپێدان و بەردەوامبوونی توانا مەیدانی و تەکنیکییەکان و جووڵەی یەکەکانی دەزگاکەی لەخۆگرت.
لە وتارەکەیدا، سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی دەزگاکە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێدەپەڕێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێت، چونکە چیتر هەڕەشەکان لەلایەن پاشماوە شکستخواردووەکانی داعشەوە نوێنەرایەتی ناکرێن، بەڵام دەبێت ئامادەبن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەوڵێکی تێکدەرانە کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگا بدات.
سودانی ئاماژەی بە گرنگی ئاسایش و سەقامگیری کرد بۆ سەرخستنی پلانەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، هەروەها حکومەت سەرکەوتوو بووە لە بەڕێوەبردنی هاوکێشەی کاری خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئەمنیدا، بە شێوەیەک کە ڕێگا لەبەردەن ئەو کەسانە دەگرێت کە بەدوای شکستی پرۆسەی سیاسیدا دەگەڕێن و ئاماژەشی بەوەدا ئەو فاکتەرانەی کە بەدوای ئاژاوەدا دەگەڕێن ئامانجیان تێکدانی تواناکانی عێراق و کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ئەمنی و سیاسی و ڕاگرتنی جوڵەی گەشەکردنە.
هەروەها سودانی ئاماژەی بە پێویستی کارکردن کرد بۆ بنیاتنانی ڕۆڵێکی گەورەتر بۆ پێکهاتەکانی دەزگاکە لە بواری هەواڵگری و تەکنیکی و پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی پێشکەوتوو، جەختیشی کردەوە لەسەر دوورکەوتنەوە لە هەر کاریگەرییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر پیشەیی جێبەجێکردنی ئەرک هەبێت.
سودانی بە شانازییەوە یادی قوربانییەکانی شەهیدە پاڵەوانەکانی دەزگاکەی کردەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ گرنگیدان و چاودێری کردنی بنەماڵەی شەهیدان، هەروەها مافەکانی کارمەندانی دەزگاکە لە چوارچێوەی ئەولەویەتی کارە ئیدارییەکانی سەرکردایەتی دەزگاکەدا بێت بۆ دابینکردنی هەموو ئامرازەکانی چاودێری و دەستەبەرکردنی مافەکانیان.
