وەزیری بەرگری تورکیا لەسەر مەرجی ئەنقەرە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا ڕوونکردنەوەی دا
وەزیری بەرگری تورکیا لەسەر مەرجی ئەنقەرە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا قسەی کرد.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا دوێنێ شەممە (1ـی حوزەیرانی 2024) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا بەبێ ئاماژە بە بوونی نایاسایی سەربازەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و سوریا کە بەبێ مۆڵەت لە حکومەتەکانیان لەوێن، وتی: ئەگەری هەیە دوای دابینی ئاسایشی سنوورەکان، هەوڵی کشانەوە بدەینەوە.
بەپێی وتەی وەزیری بەرگری تورکیا، ئەنقەرە پێشتر 3 هێزی دژە تیرۆریستی لە باکووری سوریا هەبوو و ئێستا 20 هێزی هەیە و ئۆپەراسیۆنێکی درێژماوە و بەربڵاویشی ئەنجامداوە.
یەشار گولەر ئاماژەی دایە سەر مەرجەکانی کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سوریا و دەڵێت: ئامانجی ئێمە دەسخستنی ڕێگاچارەیەکی سیاسی لە سوریا بەپێی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە، ئێمە ئامادەین تا پاڵپشتی لە پەسەند کرانی دەستوور بۆ هەموو دانیشتوانی سوریا، هەڵبژاردنی ئازاد، یاسای گشتی و ئاسایش بکەین.
