دەم پارتی سەرۆکایەتی شارەوانی ناوچەیەکی تری باکووری کوردستان ڕاگەیاند دوای دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردن
بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی جورنەڕەش لە پارێزگای ڕحا لە باکووری کوردستان لە هەڵبژاردنی خۆجێی دووبارەبووەوەدا سەرکەوتوو بووە.
هاوکات لەبەردەم بینای دەم پارتی لە جورنەڕەش هەزاران کەس کۆبوونەوەو سەرکەوتنی دەم پارتی بە زۆرینەی دەنگ و بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانیان ڕاگەیاند.
لە رۆژی (31ـی ئاداری 2024)، دەنگدەرە تورکەکان گەورەترین گورزەیان لە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حیزبەکەی دا لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی سەرتاسەری وڵاتەکەدا کە ئۆپۆزسیۆنیان وەک هێزێکی سیاسی یەکەم هەڵبژارد و پێگەی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵی وەک ڕکابەری سەرەکی سەرۆک کۆمار چەسپاند.
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ بە زۆرینەی دەنگەکان، بە ڕێژەی 10% لە نزیکترین ڕکابەر لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵ کە گەورەترین شاری تورکیایە بردەوە، لە کاتێکدا پارتی گەلی کۆماری 15 كورسی دیکەی بۆ شارەوانییەکانی سەرانسەری وڵات لەبەرامبەر هەڵبژاردنی پێشوو بەدەستهێنا.
ئەمە خراپترین شکست بوو بۆ ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ماوەی 20 ساڵی گرتنی دەسەڵاتدا، هەروەها ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگی حزبەکەی ئەمەی بە "خاڵی وەرچەرخان" ناوبرد.
لە کاتێکدا لەم هەڵبژاردنە دەم پارتی بە بردنەوەی پۆستی 10 سەرۆکایەتی شارەوانی گەورەی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەگەڵ دەیان شارەوانی ناوچەکانی باکووری کوردستان سەرکەوتنی ڕاگەیاند.
