منداڵێکی سوری بەهۆی تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستدا
منداڵێک بە ناوی مستەفا حوسێن ئەلسەلمۆ تەمەن 16 ساڵ گیانی لەدەستداوە و گەنجێکیش بریندار بووە، دوای ئەوەی لەلایەن سەربازە تورکییەکانەوە تەقەیان لێکراوە لە دەوروبەری گوندی "دودا" کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی قامشلۆ و عامودەی سەر سنووری تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدا هەوڵیاندا سنوورەکە بپەڕنەوە بەرەو تورکیا.
ئەم بەئامانجکردنە لەگەڵ هێرشە توندوتیژ و چڕەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا دێت کە بووە هۆی کوژرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا.
سەرچاوەکانی میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، نزیکەی 15 هاوڵاتی مەدەنی بە دەستی سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا سنووری تورکیا بپەڕنەوە لە ناوچەی ڕاس ئەلعەین بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئاماژەیان بەوەکرد کە قوربانییەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژراون.
