شاناز ئیبراهیم: سەروەریی عێراق لەمەترسیدایە کەسیش قسە ناکات
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمیی عێراق سەبارت بە لەشکرکێشی و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و بەزاندنی سەروەریی دەڵێت: "سەروەریی عێراق لە مەترسیدایە، کەسیش قسە ناکات؟ پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی هەیە، هێزە چەکدارەکانی سەربە دەوڵەتێکی دراوسێ خاڵی پشکنین لەسەر خاکەکەمان لە دهۆك دادەنێن و هاتوچۆ دەکەن".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، خەڵکی ناوچەکە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن لە سایەی بۆردوومان و تەقەی بەردەوام، زۆرێك لە خەڵکی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن، کە ئاگادارکراونەتەوە لەوەی دەبێت ماڵەکانیان لەماوەی 24 سەعاتدا چۆڵ بکەن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا بە زۆرەملێ رادەگوێزرێن و لەژێر بۆردوومانی بەردەوامدا دەبن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەکردوە، لەکاتێکدا بەغداد و هەولێر کەمپی ئاوارەکانی ناوخۆ دادەخەن، پێیانوایە باشترە بگەڕێنەوە ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام ئێستا لەبەردەم قەیرانێکی نوێی ئاوارەبونداین لە دهۆك.
شایەنی باسە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو تورکیا لەشکرکێشی چڕی هێزەکانی بۆ ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک کرد، بەبیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ئەم لەشکرکێشی و بۆردوومانانە بووە هۆی ئاوەربوونی دەیان گوند.
چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێکخراوەی CPT، دە هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال کراونەتە ئامانج.
