سەرۆک كۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام میوانداری کۆبونەوەیەکی لەگەڵ مەسعود بارزانی کرد
ڕۆژی پێنجشەممە، عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆک كۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد میوانداری کۆبونەوەیەکی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، کە ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکان ئامادەیبون.
سەرۆكایەتی كۆمار ڕایگەیاند، بەر لەو کۆبونەوە فراوانە، سەرۆک کۆمار دیدارێکی دوقۆڵی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامداو ئاماژەی کرد بۆ "گرنگی سەردانەکەی لە پێشخستنی گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری"، هەروەها هیوای خواست دەرئەنجامەکانی سەردانەکە خزمەت بە عێراقییەکان بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەمیانی دیدارە دوقۆڵییەکەدا، جەخت لەسەر "گرنگی گفتوگۆی کارا و جددی لەنێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستور و یاسا، بەجۆرێک کە مافەکانی هاوڵاتیان زامن بکات" و هەروەها جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی کرایەوە لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتیان و گرنگیدان بە باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان".
دواتر سەرۆک کۆمار میوانداری کۆبونەوەیەکی کرد لەگەڵ مەسعود بارزانی، کە ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکان ئامادەی بوون، لەو كۆبونەوەیەدا عەبدوللەتیف رەشید"ستایشی پەیوەندی ئەرێنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچونی کرد، هیوای خواست هەمو پرسە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەربکرێن بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە بودجەی دارایی و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور".
لای خۆیەوە مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە "ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا بەهێزکردنی پەیوەندی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان" و وتیشی"پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ئەرێنییەو بەئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات، هەروەها جەختی لە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیەکان لەپێناو بەدیهێنانی خواستی رۆڵەکانی گەل".
