بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆكی ئێران دەکات "ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە"
سەرۆکی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە سەرۆك کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی سەرکەوتنی کاندید مەسعود پزیشکیان دەکات دوای بردنەوەی کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، پیرۆزبایی لە بەڕێز مەسعود پزیشکیان دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەشڵێت: "ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقە"، بە هیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە کۆی 30 ملیۆن و 573 هەزار و 931 دەنگ، بەربژێر مەسعود پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێناوە و سەعید جەلیلی 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگی بەدەستهێناوە.
سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، مەسعود پزیشکیان دوای بردنەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "خەڵکی ئێران: هەڵبژاردنەکان تەواو بوون و ئەمە تەنها سەرەتای پشتیوانیمانە، ئەو ڕێگا سەختەی لەبەردەماندا هەیە ڕێک ناکرێت تەنها بە پشتیوانی و هاوسۆزی و متمانە بەخۆبوونتان نەبێت، دەستم بۆ ئێوە درێژ دەکەم و سوێند دەخۆم بە شەرەفی خۆم کە بە تەنها لەم ڕێگایەدا جێتان ناهێڵم، بەتەنیا جێم مەهێڵە".
