نۆ مانگ بەسەر دەستگیرکردن و ڕفاندنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد تێدەپەرێت
ئەمڕۆ 258 ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنی و ڕفاندنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد تێدەپەرێت.
هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کە خەڵکی عەفرین-ی ڕۆژئاوای کوردستانە رۆژی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بۆ سەردان و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی چووبووە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب لە سوریا و لەدوای گەڕانەوەی لە رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2023 کاتێک دەیویست لە دەروازەی فیشخابورەوە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ کارەکەی لە سلێمانی، لەلایەن ئاسایشی دهۆک رفێندرا و دوای زیاتر لە حەوت مانگ پاڕێزەرانی توانیان چاویان پێی بکەوێت.
ئەو رۆژنامەنووسەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە سلێمانی کار دەکات، ماوەی هەشت مانگە لەلایەن ئاسایشی دهۆک بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکراوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ یەکشەممە دوای نزیکەی هەشت مانگ لەدەستگیرکردنی بۆ یەکەمجار دانیشتنی دادگاییکردنی بۆ دەکرێت لە دهۆک.
پێشتر ئاژانسی ڕۆژنیوز کە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد تێیدا کاری دەکرد، پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبارکرد بە ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بەتۆمەتی ناڕەوا و بەبێ هیچ بەڵگە و سەلامەتی ئەو ڕۆژنامەنووسە خستەپاڵ ئاسایشی دهۆک کە بە "ئاسایشی پارتی" وەسف کرد.
