نێچیرڤان بارزانی له‌گەڵ دەستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پەیامێکی بڵاوکردەوە
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكدا له‌گەڵ دەستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: داوا له هه‌موو لایه‌ک ده‌كه‌م پابه‌ندی یاسا و رێنمایییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بن، بانگه‌شه‌یه‌كی ئارام و شارستانی به‌ڕێوه ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه جێی متمانه و چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە، دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی تر پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆنیش، هەر دەبێت لەبواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوویه‌كی گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە، هەموومان پێکەوە، خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانین. پاراستنی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه، ئه‌ركی هه‌موومانه، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.
