ئاسایشی سلێمانی ئەندامی باندێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرد
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە ناحیەی تەکیە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر هەوڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەردرا، بەڵام تۆمەتبارەکە روبەروی هێزەکانی ئاسایش بوەوە، لە کۆتاییدا ئەو بازرگانە بە برینداری دەستگیرکرا، ئەو تۆمەتبارەش کۆتا ئەندامی باندێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەر بو کە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنیان خرابویە کار.
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە (ناحیەی تەکیە) بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی ئاسایش هەوڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریاندا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەئەنجامدا تۆمەتبار بەچەک ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایش بوەوە، سەرئەنجام توانرا بە برینداری دەستگیربکرێت و بڕی دو گیلۆگرام ماددەی کریستاڵ دەستی بەسەردابگیرێت.
ئەوەشخراوەتەڕو، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە بازرگانەبون، کە ئەمڕۆ دواین تۆمەتباریان بە برینداری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوا دەستگیرکرا.
