ئاسایشی نیشتمانی جەختیکردەوە تەكنەلۆجیای نوێمان بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەكارهێنا
ئەمڕۆ یەكشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمساڵ بۆ یەكەمجار دەزگاكە تەكنەلۆجیای نوێی بەكارهێناوە لە ڕێگەی پرۆگرامێكی ئەلیكترۆنی تایبەتەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
وتەبێژی فەرمی دەزگاكە ئەرشەد حاكم، لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە: دەزگاكە بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەركە هەواڵگرییەكانی لە چوارچێوەی پلانی دڵنیابوون لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2025، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و ئاژانسەكانی هەواڵگری، بە ئامانجی مسۆگەركردنی ژینگەیەكی هەڵبژاردنی سەلامەت و جێگیر لە سەرانسەری وڵاتدا.
راشیگەیاند: ئەركەكانی دەزگاكە بریتییە لە پاراستنی سەنتەرەكانی دەنگدان و پاراستنی كۆگاكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، جگە لە یاوەریكردنی ئەو مەفرەزانەی كە ئەركی گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدانیان لە ئەستۆدایە دوای تەواوبوونی دەنگدان، هەروەها پاراستنی وێستگەكانی كارەبا و ئامێرەكانی كامێرا بۆ دڵنیابوون لە جێگیری خزمەتگوزارییەكان لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا.
وتیشی: دەزگای ئاسایشی نیشتمانی زانیاری و شیكاری وردی هەواڵگری بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و لیژنەی باڵای ئەمنی دابین دەكات، لەگەڵ دیاریكردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكان كە لە كاتی قۆناغەكانی دەنگداندا چاودێری دەكرێن، هەروەها چاودێریكردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ هەر ئاماژەیەكی نەرێنی بەپێی یاسا.
رونیشیكردەوە: دەزگاكە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار تەكنەلۆجیای نوێی بەكارهێناوە لە ڕێگەی پرۆگرامێكی ئەلیكترۆنی تایبەتەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، كە بەسەر هەموو فەرماندەییە ئەمنییەكان و مەفرەزە مەیدانییەكاندا دابەشكراوە بۆ گواستنەوەی هەڵوێست و ڕێنماییەكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، ئەمەش بەشداری كرد لە خێراكردنی ڕێكارەكانی چاودێریكردن و چارەسەركردنی خێرا، و بە سیستەمی پاراستنی بەرز لەلایەن هەوڵی هونەری دەزگاكەوە ئامادەكراوە.
حاكم دووپاتیكردەوە: ئەم ڕێكارانە لە چوارچێوەی هەوڵی نیشتمانی هاوبەشدان بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هەڵبژاردنەكان و پاراستنی ئیرادەی دەنگدەرانی عێراق.
