ئاسایشی هەولێر نوێنەرانی هەدەپەی دەستگیرکرد و ڕەوانەی سنووری پارێزگای سلێمانیان کرد
حیكمەت هاتیپ وتەبێژی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان و هەریەک لە ئایدن یالڤاچ، سێتكی ڤەكار و ناسر یاگیز ئەندامانی نوێنەرایەتییەكە لە هەولێر دەستگیركراون و ڕەوانەی ئاسایش كراون.
هەر بەپێی زانیارییەكان دوای بردنیان بۆ ئاسایش، بەزۆر ڕەوانەی سنووری دێگەڵەیان كردوون و لەوێ سواری ئۆتۆمبێلیان كردوون و لە سنووری هەولێرەوە ڕەوانەی پارێزگای سلێمانییان كردوون.
لەبارەی ڕووداوەكەوە نە ئاسایشی هەولێر و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لێدوانێك نادەن، بەڵام مەحەممەد عادل یەكێک لە نوێنەرانی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان بە میدیاکانی وت: "بەڵێ دوێنێ ئاسایشی هەولێر ئێمەی دەستگیركرد كە چوار كەس بووین و تا سنووری سلێمانی بردین لەوێش بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلی كردین و ڕەوانەی سلێمانییان كردین".
وتیشی: لەسەر ئەو ڕووداوە پرسیارمان كرد كە هۆكاری چییە هیچ وەڵامێكیان نەداینەوە و تەنها وتیان کارتان لێرە نەماوە، بەمزووانە لەوبارەیەوە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی بڵاودەكەینەوە.
پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە ساڵی 2012 لە باکووری کوردستان دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنیشییەوە بەفەرمیی نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
