ئەردۆغان سەرەتای ساڵی 2024 سەردانی عێراق دەكات
ئەمساڵ، بەتایبەتی لە دوای وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، چەند جارێك باسی ئەگەری سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ عێراق كرا، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكەوە سەردانەكە نەكرا، نووسینگەی خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە، دووپاتی دەكاتەوە كە لە سەرەتای ساڵی نوێ ئەردۆغان سەردانی عێراق دەكات.
نووسینگەی راگەیاندنی خەنجەر لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە خەمیس خەنجەر كرد، باسی پێوەندییەكانی عێراق و توركیا و لێكەوتەكانی شەڕی غەزەیان كرد، هەر لەو كۆبوونەوەیە باسی سەردانی مانگی داهاتووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ عێراق كرا.
وەزیری دەرەوەی توركیا پیرۆزبایی لە خەنجەر كرد بە بۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق، كە لە 18ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، بەتایبەتی لە شاری كەركووك، خەنجەر ستایشی ئەزموونی توركیای لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و كاری ئەنجوومەنی پارێزگەكان كرد، كە دەكرێ عێراق سوودیان لێ وەربگرێت.
سەبارەت بە سەردانی چاوەڕوانكراوی ئەردۆغان بۆ عێراق، خەنجەر گوتی، هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق پێشوازی لەو سەردانەی مانگی داهاتووی دەكەن، سەردانەكە بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لە هەموو بوارەكان گرنگە، دووپاتی لەوەش كردەوە كە عێراق سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان كە نیازی خراپیان بۆ وڵاتانی دراوسێ هەیە، بەتایبەتی توركیا، ئەو كار لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بۆ كۆتاهێنان بە بوونی ئەو گرووپانە كە هەوڵی یاریكردن بە ئاسایشی ناوچەكە دەدەن
