ئەردۆغان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمەریکا کۆبوونە
سەرک كۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سوودانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا ژمارەیەک پرسی ھەرێمی و جیھانیان تاوتوێ کرد.
ئەردۆغان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی 79ھەمینی خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سوودانی کۆبووە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی نێوان ئەردۆغان و مەحەممەد شەیاع سوودانی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆلێیەکانی نێوان تورکیا و عێراق، ھەروەھا ژمارەیەک پرسی ھەرێمی و جیھانی تاوتوێ کراون.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا و عێراق وەک دوو وڵاتی دراوسێ ھەنگاویان بەرەو باشترکردنی ھاریکارییەکانی نێوانیان ناوە کە سوودی بۆ ھەردوو وڵات و ناوچەکە دەبێت، بە تایبەتیش لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ھاریکاریی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئەردۆغان جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەوڵی زیاتر بدات لە پێناو ڕێگریکردن لە ھەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پەرەسەندنی ململانێیەکان لە ناوچەکە.
