ئەعرەجی لەهەولێرەوە: حکوومەتی فیدراڵی و لیژنەی هونەری ئامانجیانە لێپێچینەوە لە دەستدرێژیکارانی سەر هەرێم بکەن
دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەیەنێت.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گوتی: ئەمڕۆ لە هەولێرین، بۆ گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. کە ئەو هێرشانە زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەینێت.
گوتیشی: دەبێت ئەو هێرشکارانە بەسزای خۆیان بگەن، ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین، چ لە ناو هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی هەرێمی کوردستان بن.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە سوپاس و پێزانینمان بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی هەیە، بۆ ئەو هەماهەنگیانەی لەگەڵ ئێمە کردوویانە، دڵنیایی دەدەین هێزی هەرێمی کوردستان، هێزی عێراق و بەغدایە.
قاسم ئەعرەجی دەشڵێت: هەر بە ئامانج گرتنێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراق، بەرژەوەندی گەلی عێراق دەخاتە مەترسیی، بۆیە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی، لە ڕێگەی لیژنەی لێکۆڵینەوە، سوورە لەسەر دەستنیشان کردنی ئەو لایەنانە. هەروەها گفتوگۆمان لەسەر ئەو زانیارییانە کردووە کە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەن.
ڕاشیگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی و لیژنەی هونەری ئامانجیانە لێپێچینەوە لە دەستدرێژیکاران بکەن، بەڵام ئێستا چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین و دواتر وردەکارییەکان ئاشکرا دەکەین.
