ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی بۆ دوو پرۆژە یاساکرد و دانیشتنی خۆی بۆ سبەی هەڵگرت
ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی خۆی بۆ سبەی ڕۆژی سێشەممە هەڵگرت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند" ئەنجومەنی نوێنەران دوای خوێندنەوەی دوو پرۆژە یاسا دانیشتنی خۆی بۆ سبەی سێشەممە هەڵگرت.
وتیشی لەدانیشتنەکەی ئەمڕۆدا حەبیب هاشم عەبد عەلی سوێندی یاسایی خوارد و لەباتی عەدنان فیحان بووە پەرلەمانتار، ئاماژەشی بەوەکردکە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەوەکالەت موحسین مەندلاوی فەرمانی دا بەفەرمانگەی ڕاگەیاندن کە ئەوانەی نەهاتوون و ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون ناوەکانیان بڵاوبکرێتەوەو فەرمانیشی بەفەرمانگەی دارایی دا کە هەریەکەو یەک ملیۆن دیناریان لێ ببڕدرێت.
وتیشی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەی یاسای هەمواری یەکەمی هاتووچۆی ژمارە 8 ی ساڵی 2019 و پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی چاندنی ئەندامی جەستە بازرگانینەکردنی ژمارە 11 ی ساڵی 2016 کرد.
ئاماژەشی بەوەکرد کە ئەنجومەنی نوێنەران ڕاپۆرت و گفتووگۆکردنی پڕۆژەیاسای ڕاستاندنی بەخشینی ئاڵوگۆڕ لە گەشتکردنی بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیبلۆماسی لەنێوان عێڕاق و کۆریای باشوور تەواوکرد.
