ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر دوورخستنەوەی 7 بەڕێوەبەری گشتی
ئەنجوومەنی وەزیران، لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، دەنگیدا لەسەر دوورخستنەوەی 7 بەڕێوەبەری گشتی لە ئەمیندارییەتی بەغداد و وەزارەتی کارەبا لەگەڵ دامەزراندنی 17 بەڕێوەبەر لە چەند وەزارەتێک.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:- هەر لە دانیشتنەکەدا ئەنجومەنەکە دەنگیدا لەسەر دامەزراندنی 17 بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە جیاجیاکان، لەسەر بنەمای ئەوەی لیژنەی تایبەتەکان پەسەندیان کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی کەسانی خاوەن پلە تایبەت یان ئەوانەی پۆستیان هەیە لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، لەچوارچێوەی بەرنامەی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی وەرزی بۆ ئەو کەسانەی خاوەن پلەی تایبەتن.
سودانی جەختی کردەوە لەسەر دامەزراندنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ئەمەش مانای لێخۆشبوونیان نییە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان یان لە جێبەجێکردنی ئەرکە کارگێڕییەکانیان، بەڵکو پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئەدا بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی بەدواداچوونی ورد لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە.
