ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ئەمیرێکی چەکدارانی داعش ڕادەگەیەنێت
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دروست، دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ڕێکەوتی 6ـی ئەیلوولی 2023، ئەمیرێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە ناوی (زێدان خەلیفە ئەحمەد مەتەر) ناسراو بە ابو لیلی دەستگیر دەکەن کە ئەمیری کەرتی (سەعد بن ئەبي وقاس) بووە لە ویلایەتی دیجلە و ئەرکی لە چیای قەرەچووغ بووە"، هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تیرۆریستیی دەستگیرکراو لە ساڵی 2014 پەیوەندیی کردووە بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و چەکدار بووە لە ناوچەی شرگات، دواتر کراوەتە بەرپرسی مەفرەزەی هاوەن و بەشداریی لە شەڕەکانی ئەو رێکخراوە دژی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە لە میحوەرەکانی مەخموور و قەراج، لە دوای ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە ساڵی 2017 ئەم رێکخراوە هەڵساوە بە دروستکردنی چەندین مەفرەزە کە ناوبراو بەرپرسی یەکێک لەو مەفرەزانە بووە لە ناوچەکانی چیای قەرەچووغ، ئەبووشیتە و کوشاف بە مەبەستی تیرۆرکردن و رفاندنی هاووڵاتییانی سڤیل و ئازادکردنیان لە بەرانبەر پارەدا".
