ئەندامانی دادگای فیدراڵی داواکاری خانەنشینی خۆیان دەکشێننەوە
ئهمرۆ سێشەممە ، ئەندامانی دادگای فیدراڵی ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی هۆکاری ڕەوانەکردنیان چیتر کارپێنەکراوە، داوای خانەنشینییان کشاندووەتەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری له راگهیندراوێكدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، تێیدا هاتووە "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری میوانداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زیدان و دادوەرانی دادگای فیدراڵی ، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی چاودێری دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی لەخۆگرتبوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوانەی ئامادەبوون دەستخۆشییان لە سەرۆکی دادوەری نوێ، دادوەر مونزر ئیبراهیم کردووە، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی بۆ ئەو پۆستە و سوپاسی ئەندامانی دادگاشیان کردووە بۆ کشانەوەی داواکارییەکەیان بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ خانەنشینی دوای ئەوەی هۆکارەکانی ڕەوانەکردنیان چیتر کارپێنەکراوە".
ڕوونیشیکردەوە، "کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کاری دادوەری دروست، پابەندبوون بە دەسەڵاتی دادوەری، بەپێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، هەروەها گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری و دوورکەوتنەوە لە هەر ڕەفتارێک یان پراکتیزەیەک کە ئەم کارە تێکبدات".
