ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی پێشووی یەكێتی لە قەزای ڕانیە تیرۆر کرا
ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی پێشووی یەكێتی كوژرا.
نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی پێشووی یەكێتی لەناو باخەكەی خۆیدا لە قەزای ڕانیە تەقەی لێكرا و كوژرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، مەڵبەندی یەکێتیی لە ڕانیە ڕایگەیاند، “نیاز دەرگەڵەیی، ناوێکی دیارو درەوشاوەی شۆڕش و کوردایەتی و یەکێتیی بوو، مەرگی نیاز دەرگەڵەیی خەسارەتێکی گەورە بوو لە یەکێتیی و ناوچەکە کەوت”.
هاتووەش، “بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، مەرگی هەڤاڵ (نیاز دەرگەڵەیی) پێشمەرگەو تێکۆشەری دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەقوڵایی هەست و نەستمانەوە دڵتەنگ و خەمباری کردین، بۆ ئەم خەمە گەورەیە، پرسەو سەرەخۆشیمان ئاڕاستەی خێزان و خانەوادە بەڕێزو تێکۆشەرەکەی دەکەین و خۆمان بەهاوخەم و پرسەدار دەزانین. گیانی شادبێ و لەخوادا نزادەکەین بیخاتە بەر ڕەحمەت و ناو بەهەشتی نەبڕاوەو بەرینی خۆیەوە”.
هەڤاڵ نیاز دەرگەڵەیی، ناوێکی دیارو درەوشاوەی شۆڕش و کوردایەتی و یەکێتیی بوو، لەوێستگە جیاکانی خەبات و تێکۆشانی دەیانساڵەیدا دەیەها لێپرسراوێتیی پێسپێردراوەو سەرکەوتووانە ئەرکی سەرشانی ڕاپەڕاندوە، درگەڵەیی تێکۆشەرێکی ڕۆشنفکری بیروباوەڕو بەبڕشت و بەهەڵوێست بوو، خۆشەویستی ناو کۆڕی هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرو کۆمەڵانی خەڵک بوو، مەرگی خەسارەتێکی گەورە بوو لە یەکێتیی و ناوچەکە کەوت.
