ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری میتی تورکی لە سنووری پارێزگای سلێمانی تیرۆر کرا
کەمێک پێش ئێستا ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری میتی تورکی لە هەرێمی کوردستان کوژرا.
بەپێی ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ وڵاتپارێزێک لە شارۆچکەی سەنگەسەر لەلایەن دوو ئەندامی سیخوڕی میت، کاتێک بە ماتۆر سکیلێک دوای کەوتوون تەقەی لێدەکەن و دوو فیشەکی بەردەکەوێت، لە ئەنجامدا ئەم وڵاتپارێزەش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و یەکێک لە ئەندامی میت دەکوژێت”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، تەقەکەرەکان بەفەرمی ئەندامی سیخوڕی میت بوون، ئەو کەسەی کوژراوە ناسنامەکەی دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لەساڵی 2019ەوە لە باشووری کوردستانە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە، لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئەو وڵاتپارێزە، یەکێکیان دەکوژرێت و ئەوی تریان هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیرنەکراوە .
هاتووەش، کە لەو بارەیەوە ڕۆژنیوز پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایشەوە، بەڵام بێ ئاگایی خۆیان لەو بابەتە ڕاگەیاند و تائێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەو بابەتە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو کوردەی کە هەوڵی تیرۆری دراوە لەلایەن دەزگای میتی تورکی، خەڵکی سەنگەسەرە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی و پێویستی بە وەرگرتنی خوێنە.
