ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 65 ساڵە دەبێت ژەمێكی تری ڤاکسینى كۆرۆنا لە خۆتان بدەن
توێژینەوەیەكی پزیشكیی ئەمەریكی، پێشنیاز دەكات كە هەموو ئەوانەی تەمەنیان بەسەر چووە، پێویستە ژەمێكی تری ڤاكسینی كۆرۆنا لە خۆیان بدەن.
ماندی كۆهین، بەڕێوەبەری سەنتەرە ئەمەریكییەكان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەكان ڕای دەگەیەنێت، ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵییەوەیە، پێویستە لەم بەهارەدا ژەمێكی تری ڤاكسینی كۆرۆنا بەكار بهێنن، ئەمەش وا دەكات بۆ ساڵی داهاتوو پارێزراو بن.
ئەم ژەمە ڤاكسینە بۆ ئەوانەیە كە لە پایزدا ژەمێكی دژەكۆڕۆنایان لەخۆیان داوە، واتە لە ساڵێكدا دەبێتە دوو جار.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، لە كۆی 12 دەنگی ئەندامانی سەنتەرە ئەمەریكییەكان بۆ خۆپارێزی، 11 ئەندام دەنگیان بەم پێشنیازە داوە، تەنیا یەك ئەندام لەگەڵی نەبووە.
كۆهین ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە ماوەی ساڵی پاردا، زۆربەی ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، تەمەنیان لە 65 ساڵ بۆ سەرەوە بووە، هەر بۆیە ژەمێكی تری ڤاكسین بۆ ئەو كەسانەمان پێشنیاز كردووە تا زیاتر پارێزراو بن.
پێش چەند ڕۆژێك زانیارییەكی تر بڵاو كرایەوە كە توێژەران بۆیان دەركەوتووە، ئەو ڤاکسینانەى كۆمپانیاكانی ڤایزەر، مۆدیرنار و ئەسترازینیكا دروستیان كردوون، بە شێوەیەكی زۆر دیار، ئەگەری تووشبوون بە پێنج جۆر دۆخی نەخۆشی دروست دەکەن، لەوانە تێكچوونی دەمارەكان كە ئەمەش تووشبوو لە كاتی ڕۆیشتندا تووشی ناجێگیری دەكات، هەروەها زیانیش بە بیركردنەوەی دەگەیەنێت.
