ئەکسیۆسی: ترەمپ بەئەردۆگانی ڕاگەیاندوە كە ئامادەیە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئێران
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریكی بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیای ڕاگەیاندوە كە ئامادەیە بە گەشتێکی تایبەت بچێتە توركیا بۆ كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئێران بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی ئێران نەیانتوانیوە پەیوەندی بە ڕێبەری باڵای وڵاتەكەوە بكەن، ئەو كۆبونەوەیە شكستیهێنا.
پێگەی ئەکسیۆس، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویكردەوە، ترەمپ بە ئەردۆگانی ڕاگەیاندوە کە ئامادەیە جێگری سەرۆک کۆمارەکەی و نێردەی تایبەتی خۆی بنێرێت، تەنانەت خۆشی بە شێوەیەکی شەخسی گەشت بکات بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆببێتەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ترەمپ و ئەردۆگان هەوڵیاندا کۆبونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی لە ئیستانبوڵ ڕێکبخەن، بەڵام هەوڵەکان بەهۆی نەبونی ڕەزامەندی لایەنی ئێرانەوە شکستیهێنا.
بەگوێرەی پێگە ئەمریكیەكە، سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئێران نەیانتوانیوە پەیوەندی بە ڕێبەری باڵای وڵاتەكەیانەوە بكەن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی ناوبراو بۆ ئەو کۆبونەوەیە.
